ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

كچانی یاریزانی گەرمیان لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ بەدەستهێنانی نازناوە وەرزشیەكان

سەرەڕای ئاستنگییەكان و كاریگەرییەكان زاڵبوونی دوونیای تەكنەلۆژیا، بەڵام هێشتا لە گەرمیان ژمارەیەك كچ سەرقاڵی وەرزشكردنن و بەدەستهێنانی ئەنجام و نازناوی وەرزشیدان و خولیاكانیان بۆ سەركەوتنیان لە زۆرێك لەكاتەكاناین لە نێو گۆڕەپانی وەرزشدا بەسەر دەبەن.
“یاری گۆڕەپان و مەیدان خۆشی تایبەتی هەیە بڕواناكەم هیچ یارییەك هەبێت وەك یاری گۆڕەپان و مەیدان چێژی هەبێ” ئەمە ووتەی راهێنەر مامۆستا( بەهار ڕەحیم )ە لە یانەی وەرزشی شێروانە. مامۆستا بەهار ڕەحیم ‌دەرچووی پەیمانگەی مامۆستایانی كەلار وكۆلێژی وەرزشی زانكۆی گەرمیانە، لە ئێستادا مامۆستایە لە ئامادەیی شەهید مستەفا ڕەشید و ڕاهێنەری ژنانی یانەی وەرزشی شێروانەیە، بۆ یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان و فوتساڵ.
لە دیدارێكی تایبەتی تۆڕی میدیای تەوار ڕاهێنەر بەهار رەحیم دەربارەی ئەزموونی خۆی لە بواری گۆڕەپان و مەیداندا ووتی” ماوەیەكی زۆرە یاری گۆڕەپان و مەیدان دەكەم لە سەرەتای تەمەنی لاوێتیم و لە قۆناغی سەرەتایی دەستم بەوەرزشكردنكرد و دواتر لە قۆناغی ناوەندی زیاتر خۆم دۆزییەوە لە نێو گۆڕەپانەكە، سەرەتا وەكوو یاریزان لە یانەی وەرزشی شێروانە بووم، هەرچەندە تەمەنەكەی من بۆ ئەو سەردەمە كەمێك ئاسان نەبوو تا ژنێك لە نێو وەرزشدا خۆی بدۆزێتەوە بەهۆی كاریگەری ئەو داب ونەریتەی كۆمەڵگەوە، كە ئەو دەمە زۆر زاڵتربوو بەراورد بە ئێستا. بەڵام من لە هەوڵدان بەردەوام بووم و دواتر بووم بە ڕاهێنەری كچانی یانەی شێروانە، یاری گۆڕەپان و مەیدان خۆشی تایبەتی هەیە بڕواناكەم هیچ یارییەك هەبێ وەكوو گۆڕەپان و مەیدان بەچێژبێت”.
لەبارەی هەڵبژاردنی گۆرەپان و مەیدانەوە مامۆستا بەهار ووتی” سەرەتا من ڕاهێنەری بالەبووم لە یانەی شێروانە و بەژداری چەند خولێكمان كرد. دواتر بۆم دەركەوت ئەم یارییە مەشق و ڕاهێنانی زۆر دەوێ، ئەتوانم بڵێم تۆزێ قورس بوو بۆكچانی كەلار و گەرمیان هەموو ڕۆژێك خەریكی ڕاهێنانبن دواتر بڕیارمدا لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان یاری بكەم چونكە ئاسانتر یاریزان دروست دەبێت ئەتوانم لە هەموو شوێنێ پەرەی پێبدەم،
هەروەها وتیشی” گۆرەپان و مەیدان یارییەكی زۆر ئاسان و خۆشە لای من ئێستا چەند كچێك لە یاریزانەكان لە پلەی یەكەمن لەسەر ئاستی كوردستاندا”.
مامۆستا بەهار زۆر دڵنیایە لە توانا وەرزشیەكانی كچانی گروپەكەی و خەونی ئەوەی هەیە بەشداری لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوەی عێراق بكات دەشڵێت” خەونم ئەوەیە بەشداری پاڵەوانیەتی یانەكانی عێراق بكەم و گشت بۆ وڵاتی سعودیە بكەم بەتایبەت بۆ یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان، چونكە توانای یاریزانەكان لە ئاستێكدایە زۆر بەئاسانی ئەتوانین باشترین ئەنجام بەدەست بهێنین و گەورەترین سەركەوتن لە مێژووی وەرزشی گەرمیاندا تۆمار بكەین”.
مامۆستا بەهار باسی لەوەكرد كە یانەی شێروانە گرنگی بە وەرزشی كچان ئەدەن و ئێمەش تاكە تیپی كچانین لەم سنوورە نوێنەرایەتی تەواوی گەرمیان دەكەین، بەڵام بەداخەوە بەرپرسەكانی گەرمیان دەستخۆشیەكیان لێنەكردووین سەرباری ئەوەی لەم ماوەیە توانیومانە پلەی دووەم بەدەست بهێنین لەسەر ئاستی هەموو كوردستان.
خاتوو بەهار ئەوەشی نەشاردەوە كە رێگری هەیە لە وەرزشی كچان و ووتی” ڕێگیریكردن لە كچان و ژنان بۆ بواری وەرزش لە هەمووكوردستان بوونی هەیە، بەڵام لای ئێمە زیاترە، چونكە ئاستی تێگەیشتنی كۆمەڵگە لێرە جیاوازترە، ئەگەر ئەو ڕێگرییانە نەبن، كچمان هەیە لەم تیپە لە ئاستی كوردستان پلەی یەكەم تا دووەم لە پاڵەوانێتیەكان بەدەست دێنێت و توانای ئەوەی هەیە ببێتە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق”.
خاتوو بەهار رای وایە “شەڕكردن بۆ گەیشتن بەخەون و خولیای منداڵی هەر تاكێك شتێكی ئاسان نیە بەتایبەت بۆ ژنان و بەردەوام قوربانیدانی دەوێت و دەبێت شەڕ لەگەڵ ئاستەنگیەكان بكەین، تا ئەو كاتەی بەخەونەكەمان دەگەین”.
تیپی كچانی یانەی شێروانە پێكهاتووە لە 15یاریزان هەموویان ئاستی تازە پێگەیشتوانن، لەخولی یانەكانی كوردستان تیپەكەیان پلەی دووەمی سەرئاستی كوردستان بەدەستهێناوە و سێ‌ یاریزانیان یەكەمی سەرئاستی كوردستانن، هەروەها بەهۆی توانا و لێهاتوویانەوە تائێستا چەندین یانەی عەرەب داوای یاریزانەكانی كردوون بەڵام ڕەتیان كردۆتەوە یاری بۆ یانەیەكیتر بكەن.
هاوژین شكور: كەلار

هاوشێوە

ڤیدیۆ