ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

گەلاوێژ بیرەوەریەکانی دەنوسێت

گەلاوێژ بیرەوەریەکانی دەنوسێت
بەشی سێیەم
دیارە هەرسێ‌ بەشەكەی “بەرەو ئەشكەوتی دلێران” هەر هەمان پاڵەوانێتی و پاڵەوانی خەیاڵین، بەڵام لە ڕووداوی زۆر ڕاست ئەو سێ‌ بەشە هەڵقوڵاون‌ و دروستبوون. زۆریشم ئەزێت لەگەڵدا كێشاون و بگرە تووشی حەساسیەت بووم‌ و دەموچاو ‌و دەستم هەمووی بووبوون بە زیپكە، ئەویش لە كاتی نووسیندا، بە هەموو هەستێكمەوە دەچوومە ناو ڕووداوەكان‌ و لەگەڵ پاڵەوانەكانی ڕۆمانەكەدا دەمامەوە وا هۆگریان بووبووم دەتگوت لە ناو خزم ‌و ناسیاو ‌و خۆشەویستەكانمدا دەژیم، بێجگە لە دەموچاو‌ و دەست، زۆر ئەزێتی دەدام، چونكە زیپكەكان لە ناو چاویشم دەرچوون، لە لەندەن بووم‌ و بەردەوام سەری دكتۆری عایلەمان دەدا كە ناوی دكتۆر “دەیڤید تۆماس” بوو‌، ئەو ئاگای لێم بوو‌، زۆر دكتۆرێكی دڵسۆزمان بوو، هەر خەریكی دەرمان‌ و تەحلیلكردنم بوو، ئێستاش هەر دكتۆرمانە كە ماوەی “٣٣” ساڵ دەبێت، تاوەكو جارێك ناردمی بۆ خەستەخانە كە هەر بۆی دەچووم ‌و لەوێ‌ خەریكی ئەشیعە ‌و تەحلیل‌ و ئەو شتانەم دەبوون، ناوی خەستەخانەكە “سانت هیلیر” بوو، جارێكیان چووم ئەوەندە دەموچاو‌ و دەستم هەڵتۆقیبو‌و، ئەوسا زیپكە بوو (تەلەبەی كولییەی پزیشكی)یان هێنابوو كە سەیری دەست‌ و دەموچاوم بكەن‌ و دەرسی لەسەر وەربگرن، هەروەها چاویشیان گرتم‌ و ڕەسمیان گرتم كە بیخەنە كتێبی دكتۆرییەكانیانەوە، نزیكەی شەش-حەوت ساڵ ئەوە حاڵم بوو، تاوەكو هەندێك سەرم سووك بوو، هەرسێ‌ بەشەكەی “بەرەو ئەشكەوتی دلێران”م تەواو كرد ‌و لە چاپ درا‌ و كەوتە بەردەستی خوێنەران، كە ئەوسا ساڵی 1985 بەشی یەكەمی لە سوید چاپ كرا.
هەروەها باوكی هێرۆ بە تایپێكی زۆر عادی و فەقیرانە كە لە دوكانی دەستەی دەستی دوو كڕیبووی، ئەو شوێنانە زۆرن لە لەندەن، زۆرم ئەزیەت بە “بەرەو ئەشكەوتی دلێران”ەوە دیوە، هەروەها بە ڕۆمانەكانی تریشمەوە ئەزیەتم دیوە، نووسینی كتێب هەر وا ئاسان نییە، بەتایبەتی “ڕۆمان ‌و چیرۆك”.
لە منداڵییەوە حەزم لە قەڵەم ‌و كاغەز بوو، بیرم دێت تازە چووبوومە مەكتەب كە دەگەڕامەوە ماڵەوە، لەجیاتی چوونە بەردەرگا‌ و دەرەوە‌ و یاری لەگەڵ هاوڕێكانم، ئەگەرچی ئەو كاتانە دوور خرابووینەوە بۆ بیابانی عەفەك كە حكومەتە بەدناوەكانی ئەو كاتە نەفییان كردبووین بۆ ئەوێ‌ لەسەر خاڵە هەمزەم، چونكە گڕیان خستبووە ژێر خاڵە موحەممەدیشمەوە.

هاوشێوە

ڤیدیۆ