ئەمڕۆ ٢٩/٩/٢٠٢١ گەورەترین فێستیڤاڵی پایزەی بەرهەمە ناوخۆییەكانی كوردستان لە كارگەی جگەرەی سلێمانی رێكدەخرێت و سەردانیكەرانیش دەتوانن ڤاكسینی كۆرۆنا وەرگرن.
دەربارەی ئامادەكارییەكان بۆ ئەم فێستیڤاڵە ساكارحمەكەریم سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەكە تایبەت بە تۆڕی میدیای تەوار ووتی” ەمرۆ یەكەم رۆژی فێستیڤاڵەكەیە و بۆ ماوەی پێنچ رۆژ بەردەوام دەبێت و بەشداربووەكان هەموویان خاوەن كارگەی ناوخۆیی و پیشەی خۆماڵین و هیچ جۆرە بەرهەمێكی دەرەكی تێدانیە”.
ساكار حەمەكەریم دەربارەی ئەو خزمەتگوزاریانەی كە بۆ هاوڵاتیانی سەردانیكەری فیستیڤاڵەكە ئامادەكراوە وتی” لە فیستیڤاڵەكەدا تەندروستی هاوڵاتیان جێگەی بایەخی ئێمەیە ئەتوانن هەر لە ناو فیستیڤاڵەكە ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن و هەروەها پشكنینی (شەكرە و زەخت و ئۆكسجینی خوێن ولێدانی دڵ) لەلایەن تیمی تەندروستیەوە بەبێ بەرامبەر دەكرێت”.
شنە بەكر یەكێكە لە بەشداربووەكانی فیستیڤاڵی پایزەی سلێمانی بۆ تۆڕی میدیای تەوارووتی” كاری دەستی تاج دەكەم و ماوەیەكی كەمە سەرقاڵی ئەم پیشەیەم، بەڵام خۆشبەختانە داواكاری زۆری لەسەرە و ئەندامم لە ڕێكخراوی ھونەری دەست كە ھەموو ھەفتەیەك لە پاركی ئازادی پشانگە دەكەینەوە”
هەروەها وتیشی” زیاتر مورو تەل و نقێم و مۆم بەكاردێنم بە كوالێتی باش بۆ تاجی بوك و كڵاو كە بۆ جل و بەرگی كوردی دەگونجێت”.
شنە لەسەر چۆنێتی كاركردنی خۆی دوواو وتی” دەرچووی پەیمانگەم دانەمەزراوم بۆیە بیرم لە كارێك كردەوە، خۆم حەز و ئارەزووم بۆ ئیشی دەست ھەیە، ماوەیەكیش لە ڕێگەی یوتوبەوە بە سەیركردنی گرتەی ڤیدیۆیی خۆم فێركردوە”.
لەبارەی فیستیڤاڵەكەشەوە ووتی” لە فیستێڤاڵ و پشانگەكان كڕیار بابەتەكە دەبینێت زیاتر جێگەی باوەڕە وەكوو لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیەوە، كارەكەم پێویستی بە بیرۆكەو وردەكارییە، كارێكی قورسە پێویسی بە كاتە، هەرچەندە تەنیا خۆم مەشغول دەكەم پێوەی زۆر پارەم بەلاوە گرنگ نیە، كەسانیتریش سودی لێوەربگرن”.
یەكێكیتر لە بەشداربوان، (شاگوڵ شوكر)ە ئەوەیش دەرچووی بەشی زمانی عەرەبیە بەهۆی دانەمەزراندنەوە سەرقاڵی دروستكردنی تابلۆیە دەربارەی كارەكەی رایگەیاند” بە تابلۆ بەشداریم كردووە، دروستكراوی خۆمە مەبەستمە تابلۆكانم بینەرەكان لێرە بیبین و ئەگەر داواكاری هەبوو بیفرۆشم” هەروەها وتی” كارەكانم زیاتر باس لە سروشت دەكات، هەوڵمداوە تەكنیكی نوێ بەكاربهێنم، حەزو و ئارەزووم بۆ تابلۆ هەیە كاتی بەتاڵیم بە تابلۆ دروستكردن بەسەری دەبەم”
هەروەها دەروون هێرش ئەمین لە كارگەی شیرینی خۆماڵی دەربارەی كارەكەی رایگەیاند” سەرەتا ئەم كارگەیە لە ماڵەوە بوو بەهۆی زۆری خواست ئێستا بووە بە كارگەیەك و دووكانێك شیرینی بەسەر ماركێت و دووكانەكان دابەشدەكەین، ئەمرۆش بە كولیچە لیرە بەشدارین”
دەربارەی قەیرانی دارایی و كاریگەری لەسەر فیستیڤاڵەكە دەروون هێرش ووتی” بەداخەوە قەیران كاریگەری هەیە و فرۆش كەمترە، جاری واهەیە فرۆشیار داوای چارەكێك دەكات، یان بایی هەزاردینار داوادەكات بۆیە ئاستی كڕین دابەزیووە”
دەرچووی زانكۆیە لە بەشی كوالێتی كۆنترۆڵ و وەك خۆی دەلێت لەبوارەكەی خۆیدا كاری دەست نەكەوتوە، تەنانەت بە خۆبەخشیش ئەو دەڵێت” بە خێزانەكان دەڵێم كاركردن عەیب نیە، هیچ جیاوازیشمان نیە لەگەڵ پیاودا، بۆیە ئەگەر دانەمەزرایت دەبێت ئیشێكیتر بكەیت، بۆیە ڕێگە بە كچەكانتان بدەن بۆ كاردكردن”.
ئا:تریفە: تۆری میدیای تەوار
فۆنۆ: تریفه: دانا حهمه