ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

وه‌رزشکاران ده‌ستخۆشى له‌یه‌کێتى ژنانى کوردستان ده‌که‌ن

دواى ئه‌وه‌ى یه‌کێتى ژنانى کوردستان له‌یادى 32 ساڵه‌ى دامه‌زرانیدا پاڵه‌وانێتییه‌کى تۆپى سه‌به‌ته‌ى کچانى به‌ناوى خوالێخۆشبوو ئالان عه‌لى ئه‌نجامدا، وه‌رزشکاران ده‌ستخۆشى ئه‌نجامدانى ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌ له‌یه‌کێتى ژنانى کوردستان ده‌که‌ن.

له‌یلا محه‌مه‌د/ وه‌رزشکارى دێرین
له‌راستیدا کارێکی زۆر به‌نرخ و گه‌وره‌یه‌‌و هه‌ڵوێست و وه‌فایه‌کی به‌رزو جوانی یه‌کێتی ژنانى کوردستانه‌ که‌ له‌یادى دامه‌زراندنیدا پاڵه‌وانێتییه‌ک به‌ناوى ئالان عه‌لى ده‌کاته‌وه‌.
کاکه‌ ئالان جگه‌ له‌وه‌ی کادرێکی دڵسۆزی وه‌رزش بوو، هاوکات خزمه‌تێکی زۆری پێشکه‌شکرد له‌بواری رۆژنامه‌نوسی وه‌رزشیدا.
ده‌ستخوشى له‌یه‌کێتى ژنانى کوردستان ده‌که‌م‌و هیوادارم ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ ساڵانه‌ به‌رده‌وام بێت.

د. رزگار محه‌مه‌د ره‌ئوف/ مامۆستاى زانکۆ‌و سه‌رۆکى رێکخراوى ژیما
سوپاس‌و ده‌ستخۆشى له‌یه‌کێتى ژنانى کوردستان ده‌که‌م که‌ توانى پاڵه‌وانێتییه‌کى له‌و شێوه‌یه‌ رێکبخات، هه‌ڵبه‌ت پاڵه‌وانێتییه‌که‌ به‌هه‌موو پێوه‌ره‌کان سه‌رکه‌توو بوو، پێموایه‌ له‌سه‌ر ئاستى عیراق پاڵه‌وانێتییه‌کى وا جوان‌و رێکوپێک نه‌کراوه‌، هه‌ر له‌رووى رێکخستن‌و ئاستى هونه‌رى‌و ته‌نانه‌ت خه‌ڵاته‌کانیشه‌وه‌.
هیوادارم یه‌کێتى ژنانى کوردستان لایه‌ک یان پشتگیرى ئه‌و منداڵه‌ کچه‌ وه‌رزشکارانه‌ش بکات که‌ له‌ئێستادا به‌هره‌یه‌کى باشیان هه‌یه‌‌و له‌ئه‌کادیمیاى خه‌ونى وه‌رزشى یارى ده‌که‌ن، به‌دابینکردنى که‌لوپه‌لى وه‌رزشى یان کردنه‌وه‌ى خول‌و پاڵه‌وانێتى بۆیان، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هاوکاریان نه‌که‌ین، پێده‌چێت واز له‌یارى کردن بهێنن.
ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ى ئالان به‌ده‌ستپێکێکى باش ده‌زانم بۆ یه‌کێتى ژنانى کوردستان که‌ بتوانێت له‌بوارى وه‌رزشدا کارى گه‌وره‌ تر‌و به‌رز تر ئه‌نجام بدات‌و به‌رده‌وامى بدات به‌و کچانه‌ى که‌ له‌م پاڵه‌وانێتییه‌دا به‌شداریان کرد که‌ زۆریان یاریزانى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى سه‌به‌ته‌ى عیراقن، هیوادارم یه‌کێتى ژنانى کوردستان هاوکارییان بکات.

توانا ئه‌نوه‌ر/ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رێتى چالاکى‌ وەرزش و دیده‌وانى سلێمانى
یه‌کێتی ژنانی کوردستان وه‌ک رێکخراوێک که‌ له‌رۆژه‌ سه‌خته‌کانی شۆڕشی نوێى گه‌له‌که‌مان بنیات نرا له‌شاخ، ئه‌زمونی خۆی دروستکرد بێگومان جێی رێزو ته‌قدیره‌و له‌دروست بونیه‌وه‌ هه‌میشه‌ سه‌رقاڵی کاری رێکخراوه‌ی و خزمه‌تکردن بووه‌ به‌بواری ژنان و کچان.
سه‌باره‌ت به‌ویاده‌ی که‌ بۆ خوالێخۆشبوو ئالان عه‌لی ئه‌نجامدرا ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رئه‌خات وه‌فاداری ئه‌و رێکخراوه‌یه‌ بۆ‌ ئه‌و جوانه‌مه‌رگه‌، ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ش پێویسته‌ به‌رز بنرخێندرێت‌و رێکخراوه‌کانی دیکه‌ چاوی لێبکه‌ن.
ئالانى جوانه‌مه‌رگ که‌سێکی پسپۆر بوو له‌بواره‌که‌ی خۆی و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ کاره‌که‌ی خۆی که‌ بواری وه‌رزش بوو، کاری راگه‌یاندنیشی هه‌ڵبژاردو سه‌رکه‌وتوو بوو تیایداو ئه‌توانم بڵێم هیوای زۆری هه‌بوو بۆ کاره‌کانی و قه‌ڵه‌مێکی راستگۆ و بوێری هه‌بوو، هه‌میشه‌ راستگۆیانه‌ قسه‌ی خۆی ئه‌کرد تاوکو که‌سێکی هه‌لپه‌رست نه‌بێت و کاری به‌ته‌واو کراوی جێئه‌هێشت.
درود بۆ رۆحت ئالان گیان هاوڕێی 35 ساڵه‌م

د. فه‌ره‌یدون مه‌حمود/ مامۆستاى زانکۆ
سوپاس بۆ یه‌کێتی ژنانى کوردستان که‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ هه‌میشه‌ کاری جدی کردوه‌ بۆ به‌سه‌رکردنه‌وه‌ ئه‌و که‌سانه‌ی خزمه‌تیان به‌و رێکخراوه‌ شۆرشگێڕه‌ کردووه‌.
سه‌باره‌ت به‌و یاد‌و به‌سه‌رکردنه‌وانه‌ی که‌ بۆ مامۆستا ئالانی ره‌حمه‌تیتان کردوه‌ هیوادارین ساڵانه‌ ئه‌م یاده‌ ساڵانه‌ ئه‌نجامى بده‌ن‌و به‌رز بینرخێنن.

حه‌مه‌ بچکۆل/ وه‌رزشکارى دێرین
سڵاو له‌یه‌کێتی ژنانی کوردستان‌و ده‌ستتان خۆشبێت، ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستێکی وه‌فادارانه‌یه‌ بۆ خوالێخۆشبوو کاکه‌ ئالان.

نه‌به‌ز عه‌لى ئاسکه‌/ وه‌رزشکارى دێرین‌و سه‌رۆکى لیژنه‌ى رۆژنامه‌نوسانى وه‌رزشى
جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ بۆ یه‌کێتی ژنانی کوردستان له‌ساڵیادی ته‌مه‌نی دامه‌زراندنی ئه‌و که‌سانه‌ به‌سه‌ر بکاته‌وه‌ که‌ له‌و یه‌کێتیه‌دا خزمه‌تیانکردووه‌ هه‌روه‌ک کاک ئالان علی بۆ چه‌ندین ساڵ له‌ یه‌کێتی ژنانی کوردستان خزمه‌تیکردووه‌.
ئه‌گه‌رچی بتوانرێت ساڵانه‌ ئه‌م چالاکیانه‌ و ئه‌م به‌سه‌رکردنه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت و هه‌رگیز له‌یادیان نه‌که‌ن له‌کاتێکدا ده‌بوایه‌ لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی و لیژنه‌ی ڕۆژنامه‌نوسانی وه‌رزشی کوردستان ئه‌و کاره‌یان بکردایه‌.

زمکان عوسمان/ ناوبژیوانى پله‌ یه‌کى تۆپى سه‌به‌ته‌
هه‌موو کاره‌کانی یه‌کێتی ژنانى کوردستان له‌هه‌موو بواره‌کاندا به‌رزده‌نرخێنم.
سه‌باره‌ت به‌پاڵه‌وانییه‌تى ئالان عه‌لى بۆ تۆپى سه‌به‌ته‌ى کچان، زۆر سه‌رکه‌وتوو بوو، هه‌روه‌ک زیاتر ئاستی کچانی سلێمانی له‌و یارییه‌دا ده‌رخست که‌ زور ئاستێکی باشیان هه‌یه‌ له‌کوردوستان‌و عیراق.
یه‌کێتى ژنانى کوردستان له‌یادی ٣٢ ساڵه‌ى دامه‌زراندنیدا کارێکى زۆر جوانیان کرد‌و وه‌فاداریان نواند که‌ پاڵه‌وانێتییه‌کیان کرد به‌ناوی رۆژنامه‌نوسی هاوڕێ‌ و خۆشه‌ویستمان (ئالان عه‌لی) که‌ به‌راستى پاڵه‌وانێتییه‌که‌ شایه‌نى شارى سلێمانى بوو.
هیوادارم وه‌ک هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بن بۆ پێشه‌که‌شکردنی کاری جوان.
رۆحی کاکه‌ ئالان شاد بێت‌و یه‌کێتی ژنانى کوردستانیش سه‌رکه‌وتوو بن له‌سه‌رجه‌م کاره‌کانیاندا.

جه‌مال عه‌لى/ وه‌رزشکارى دێرین
ده‌ستخۆشى له‌یه‌کێتى ژنانى کوردستان ئه‌که‌م‌و له‌شیان ساخ بێت، پاڵه‌وانییه‌تى ئالان عه‌لى بۆ تۆپى سه‌به‌ته‌ى کچان سه‌رکه‌توو بوو کارێکى باش بوو، به‌ڵام له‌کاتى خه‌ڵات دابه‌شکردنه‌کاندا رێکخراو نه‌بوو، هه‌ندێک پاش‌و پێشى له‌که‌سایه‌تییه‌کاندا تیا بوو، بۆیه‌ پێشنیار ده‌که‌م له‌کاره‌کانى داهاتوودا ئه‌و سه‌رنجه‌م به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت.

ئارام سه‌میر/ مامۆستاى زانکۆ‌و ناوبژیوانى نێوده‌ڵه‌تى تۆپى سه‌به‌ته‌
من زۆر ده‌ستخۆشى له‌یه‌کێتى ژنانى کوردستان ده‌که‌م‌و زۆر سوپاسی هه‌ڵوێستیان ئه‌که‌م‌و کارێکی زۆر باشیان کردووه‌ که‌ هه‌م ناوى کاک ئالانیان به‌رز راگرتووه‌‌و هه‌م پاڵه‌وانێتیه‌کی باسکه‌یان کرده‌وه‌ که‌ ماوه‌یه‌کی زۆره‌ نه‌کراوه‌ته‌وه‌.
زۆر سوپاسیان ئه‌که‌م‌و هیوادارم به‌رده‌وام بن له‌کردنه‌وه‌ی خولی زیاتر.

کاروان زیره‌ک/ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى وه‌رزشى سلێمانى
یادکردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی خزمه‌تی به‌و جێگه‌یه‌ کردوه‌ مانای وه‌فاو پێزانین ده‌گه‌یه‌نێت، یه‌کێتى ژنانى کوردستان به‌و کاره‌ى گه‌وره‌یی خۆى پیشاندایه‌وه‌و به‌ زیندوه‌کانیشى ڕاگه‌یاند که‌ کارمه‌نده‌کانی له‌یاد ناکات.
هیوادارم یه‌کێتی ژنانى کوردستان هه‌نگاو به‌ره‌و چالاکییه‌کانی بنێته‌وه‌و زیاتر بێته‌وه‌ مه‌یدان، ڕێگه‌ی خزمه‌تی وه‌رزشکاره‌ ژنه‌کان به‌زوویی بگه‌یه‌نێته‌وه‌ به‌کۆمه‌ڵگه‌.

ئارى عه‌لى/ براى کۆچکردوو ئالان عه‌لى
سه‌ره‌تا پێمخۆشه‌ به‌ناوی سه‌رجه‌م بنه‌ماڵه‌ی ئالانی جوانه‌مه‌رگه‌وه‌ سوپاس و ده‌ستخۆشی ئاراسته‌ی یه‌کێتی ژنانى کوردستان بکه‌م بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و پاڵه‌وانێتیه‌ به‌ناوی جوانه‌مه‌رگه‌وه‌.
کارێکی له‌م شێوه‌یه‌ ئه‌وپه‌ڕی مایه‌ی رێزو وه‌فای ئه‌و رێکخراوه‌یه‌ بۆ کاروچالاکییه‌ رۆژنامه‌نووسی و وه‌رزشییه‌کانی ئالان، چونکه‌ ئالان هه‌م مامۆستا هه‌م وه‌رزشوان هه‌م رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی بوو که‌ جێده‌ستی دیاربوو له‌ به‌ره‌وپێشچوونی وه‌رزش به‌گشتی و رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشییه‌وه‌.
پێمباشه‌ یه‌کێتی ژنانى کوردستان ساڵانه‌ بیکاته‌ نه‌ریت و خول و پاڵه‌وانێتی وه‌رزشی به‌ناوی ئه‌و ئازیزه‌ کۆچکردوانه‌وه‌ بکاته‌وه‌ که‌ له‌بواره‌ جیاوازه‌کاندا خزمه‌تیانکردووه‌، وه‌ک بواری هونه‌ری و وه‌رزشی و سه‌رجه‌م بواره‌کاتی تر.

هاوشێوە

ڤیدیۆ