یەکێک لەسەیرو سەمەرەترین درەختەکانی دنیا ،گوڵی شوشەیە یان بغوردی یەمەنی ، کەلە دۆڵ و گردۆڵکەکانی سقتەریەی یەمەن ڕواون ، ئەم درەختە خوێن سوورە گوڵێکی بۆنخۆش دەگرێت و فۆرمێکی جیاوازی لەدرەختەکانی تر ھەیە ؛ ھەر بۆیە بۆتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران .
سەرسوڕھێنەرترین درەختی سەر زەوی درەختی (خوێنی دوبرا) ، یاخود خوينی باڵندەی ئاگر (دم عنقاء) بەسەر سوڕھێنەرترین درەختی سەرزەوی دادەنرێت ، ئەم درەختە لەدورگەی (سقطرى ) وڵاتی یەمەن ڕواوە و گەلێک چیرۆک ئەفسانەیی لەپشتەوەیە. خەڵکی ناوچەکە دەگێڕنەوەو دەڵێن” بۆیە پێ ئەڵێن خوێنی دوو برا ، چونکە لە خوێنی ھابیل و قابیلەوە ڕواوە ، ھابیل و قابیلیش وەک یەکەم تاوانی کوشت دادەنرێت لەمێژوی مرۆڤایەتیدا.
ھەر بۆیە کاتێک ئەم درەختە بریندار دەبێت شلەیەکی سوری وەک خوێنی لێدێتەدەرێ و پاش ماوەیەکیش وشک دەبێتەوە ، پاشان خەڵکی ناوچەکەش کۆی دەکەنەوە و دەیھاڕن و وەک بەھارات و زەردەچەوە بەکاری دەھێنن بۆ ھەندێک نەخۆشی”.
ھەندێکیتر دەگێڕنەوە و دەڵێن” ئەم درەختە لەئەنجامی خوێنی باڵندەی ئاگرین(تنین) و (فیل)ەوە ڕواوە ، کاتێک کە دژی یەک جەنگاون تامردون”.
ئەم درەختە بۆتە سەرچاوەی ژیانی خەڵک و ھەتا ئێستاش دانیشتوانی دورگەکە بەشێکی زۆری داھاتی ژیانیان لەسەر ئەم درەختەیە. چونکە قەدی درەختەکە بریندار دەکەن و ئەو شیلە سورەی کە لێوەی دێتە دەرێ و وشک دەبێتەوە دەیھاڕن و وەک چارەسەر بۆ نەخۆشی و کرێمی لەش و بۆیە و بغورد و شتیتر بەکاری دەھێنن و دەیفرۆشن.
دورگەی (سقطری) بەھۆی ئەم درەختەوە بۆتە ناوچەیەکی گەشتیاری دیار و ناسراوە لە جیھاندا ، خەڵکیش لە سەرتاسەری جیھانەوە دێنە تەماشای. کاتێکیش گەشتیارەکان دەچنە ئەو دورگەیە و بەگردۆڵگەکانیدا سەردەکەون و لەپەنای درەختەکاندا دەوەستن واھەست دەکەن لە فیلمێکی خەیاڵی زانستیدان و ھەمووشتێک نامۆ و سەیر و سەمەرە دێتە بەرچاویان
وەرگێڕانی: cnn وە بورهان قەرەداغی ئەڵمانیا