زۆرجار بیستومانە كە دەڵێن، لە پشتی هەموو پیاوێكی مەزنەوە ژنێك هەیە، خاتوو (بێخاڵ ئیبراهیم) ئەو خانمەیە كە بووەتە نموونەیەكی بەرجەستە بۆ ئەم وتەیە، بەڵام ئەمجارە نەك بەتەنها لەپشتی كوڕەكەی، بەڵكو هاتووەتە بەرچاوی هەموو كۆمەڵگەو وەكو دایكێكی دڵسۆز بە ئامادەبوونی لەنێو یاریگەدا بووەتە هاندەری كوڕە گۆڵپارێزەكەی.
دەشتی عەبدوڵا بۆ ماوەی حەڤدە ساڵە یاری تۆپی پێ دەكات و لە ئێستادا گۆڵپارێزی یانەی وەرزشی رانیەیە، باس لەوە دەكات كە پاڵپشتییەكانی دایكی وایكردووە بتوانێ ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات لە یارییەكاندا.
دایكی دەشتی دەڵێت: خۆشەویستیم بۆ دەشتی و بەهرە و تواناكانی و تاقانەیی دەشتی لەنێو شەش خوشكدا، وایكردووە بەردەوام لەگەڵی بمو ببم بە قەڵایەك بۆی تاوەكو (دەشتی) بتوانێت برەو بە تواناكانی بدات و هەست بە تەنیایی نەكات.
دەشتی باسی لەوەشكرد كە جگە لەوەی دایكی بەردەوام لەگەڵیەتی خوشكەكانیشی، گەر نەشتوانن هاوشێوەی دایكی لەنێو یاریگەكاندا ئامادەبن، ئەوا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پێش دەست پێكردنی هەر یارییەك پشتگیری خۆیان بۆ براكەیان دەردەبڕن و بەردەوام هاندەرنی.
خاتوو بێخاڵ ئەوەش رووندەكاتەوە: كە ئەو رۆژانەی كە (دەشتی) یاری هەیە هەموو كارەكانی رۆژانەی وەلا دەنێت و تەنانەت ئەگەر كەسێكیش لەو رۆژەدا بیەوێ سەردانی ماڵەكەیان بكات، پێیان دەڵێت كە كاری هەیە و ناتوانێت لەو رۆژەدا پێشوازییان بكات، دەڕوات و شانبەشانی هاندەرانی ئامادەبوو لەنێو یاریگەدا پاڵپشتی كوڕەكەی دەكات.
“ئەو كاتانەی كە دەشتی نایەوێت لەگەڵی بڕۆم بۆ یاریگەو لەگەڵی بم، من لە دوای دەرچونی ئەوەوە لە ماڵ بە تەكسییەك دەڕۆم بۆ یاریگەو دووبارە لەوێ دەبم بۆ كوڕەكەم”، بێخاڵ وای وت.
بێخاڵ وتیشی: “دەشتی نایەوێت بۆ ئەو یارییانەی لە دەرەوی شاری رانیەن من لەگەڵی بم، بۆیە لەڕێگەی پەخشی راستەوخۆی تەلەفزیۆن یاخود تۆڕە كۆمەڵایەنتیەكانەوە بینەری یارییەكانی دەبم”.
“كە دایكم لە نێو یاریگەدایە، هەوڵدەدەم هەموو سەرنجی خۆم بخەمە سەر تۆپەكە و ئەو ئاڕاستانەی كە دەكرێ تۆپەكە بۆیان بڕوات، نەكا گۆڵ ببێت یان هەڵەیەك لە منەوە رووبدات كە ببێتە مایەی نیگەرانی دایكم و بێتاقەتی بكات تەنانەت جاری وا هەبووە ئەوەندە سەرنجم لەسەر تۆپەكە بووە كە تۆپەكە بە ئاڕاستەیەكی دووریش لە گۆڵەكە رۆیشتبێت هەوڵی گرتنیم داوە، نەوەك تیپی بەرانبەر گۆلێك تۆمار بكات كە ببێتە هۆی شكستی یانەكەم بەهۆی هەڵەی منەوە و لێدوانەكانی خەڵك دایكم بێزار بكەن”، دەشتی وای وت.
خاتوو بێخاڵ بەهۆی سەیركردنی یارییەكانی كوڕەكەیەوە شارەزاییەكی باشی لەسەر شێوازی یاری كردنی یاریزانانی تۆپی پێ پەیدا كردووە و ناشیشارێتەوە كە لە دوای هەر یارییەك قسە لەسەر ئاستی دەشتی كوڕی دەكات و رەخنەی لێ دەگرێت و پێی دەڵێت كە هەڵەكانی چی بوون و نەدەبوایە بەو شێوازە یاری بكردایە، بە پێچەوانەشەوە لەو یارییانەی كە دەشتی ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات دەستخۆشی زۆری لێدەكات و پێی دەڵێت كە بەم شیوەیە بەردەوام بێت.
بەپێی لێدوانەكانی دەشتی، لەو یاریانەی كە دایكی ئامادەیە ئاستی یاریكردنی ٩٠٪ جیاوازی هەیە بە بەراورد بەو یارییانەی كە دایكی ئامادە نییە.
دایكی دەشتی دەڵێت: ئەگەر هەریەكێك لە كچەكانیشم وەكو (دەشتی) بەهرەیەكیان هەبوایە، ئەوا بە هەمان شێوە پاڵپشتیم دەكردن.
خاتوو بێخاڵ پێیوایە هەموو كارێك كە دەكرێ لەكۆمەڵگەدا رووبەڕووی رەخنەی خەڵك ببێتەوە، بەڵام بۆ ئەو قسەی خەڵك بڵقی سەر ئاوە و ئەو رەخنانە هیچ گرنگ نین و سەركەوتن و بەرەپێشچونی كوڕەكەی لە كارەكەیدا زۆر لەو رەخنانە بەلاوە گرنگترە.
خاتوو بێخاڵ دەڵێت: لەنێو یاریگەو لەدەرەوەی یارگەكانیشدا، لایەنگرانو هاوڕێیانی (دەشتی) رێزی زۆرم لێدەگرنو پێشوازییەكی گەرمم لێدەكەن، هەربۆیە زۆر دڵخۆشم.
وتیشی: زۆرجار لە كۆتایی خولەكاندا بانگهێشت دەكرێم بۆ بەخشینی خەڵات بە دەشتی و هاوڕێكانی ئەمەش زۆر دڵخۆشم دەكات.
لە كۆتایی قسەكانیاندا بۆ تۆڕی میدیایی تەوار دەشتی و دایكی، ئاماژەیان بە گرنگی پاڵپشتی دایكو باوكان كرد لەسەر بەرەوپێشچونی ئاستی تواناو بەهرەكانی منداڵەكانیان و هیوایان خواست كە هەموو دایكو باوكێك بێ جیاوازی كردن لە رەگەز و تەمەن و لە هەموو بارودۆخێكدا پشتگیری منداڵەكانیان بن.
ئامادەکردنی: ژیوار خدر